حکومەتی هەرێمی كوردستان
THU, 23 MAY 2013 01:33 Erbil, GMT +3

نێچيرڤان بارزانى له‌ خولى ده‌رچووانى زانكۆى سلێمانى: ده‌ستبه‌ردارى مافه‌كانمان نه‌بووين و نابين

MON, 2 JUL 2012 00:26 | KRG.org

پێشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 1ى ته‌ممووزى 2012، له‌ سلێمانى به‌ ئاماده‌بوونى نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان؛ ئاهه‌نگی ده‌رچووانی خولی (27)ه‌مینی زانكۆی سلێمانی به‌ڕێوه ‌چوو.

له‌ وته‌يه‌كدا كه‌ به‌م بۆنه‌يه‌وه‌ پێشكه‌شى كرد، سه‌رۆكى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى ده‌ربڕينى خۆشحاڵيى خۆى بۆ به‌شداريى له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا، پيرۆزبايى له‌ قوتابيانى ده‌رچووى زانكۆى سلێمانى كرد و ده‌ستخۆشى له‌ مامۆستايان كرد و ئه‌رك و ماندووبوونى ئه‌وانى له‌ پێگه‌ياندنى قوتابيان به‌زر نرخاند.

سه‌رۆكى حكوومه‌ت هه‌روه‌ها تيشكى خسته سه‌ر ڕۆڵى زانگۆى سلێمانى و گوتى:" دوور له‌ پێداهه‌ڵگوتن و به‌ حه‌ق؛ خاوه‌ن مێژوویه‌كی پڕشنگداری زانستی و شۆڕشگێڕییه‌ له‌ مێژووی كوردستاندا. ئه‌و زانكۆیه‌ دوای ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ له‌ ساڵی 1974 به‌ ته‌واوه‌تی چووه‌ ناو شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان. هه‌روه‌ها زانكۆی سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی به‌هێزكردنی هه‌ست و بیری نه‌ته‌وه‌یی كورد بووه‌، كه‌سانی زۆر زیره‌ك و به‌هره‌مه‌ندی به‌خشیوه‌ته‌ كوردستان".

نێچيرڤان بارزانى پشتگيرى و ئاماده‌يى هاوكاريى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانى بۆ زانكۆى سلێمانى و زانكۆكانى كوردستان نيشان دا و ئاماژه‌ى به‌ گرنگيى لێكۆڵينه‌وه‌ زانكۆييه‌كان ده‌رباره‌ى ئه‌نفال و كيميابارن دا و ڕايگه‌ياند:"زۆر گرنگه‌ زانكۆی سلێمانی زیاتر قوتابیان هان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر و زۆرتر لێكۆڵینه‌وه‌ى زانكۆیی و زانستییانه‌ پێشكه‌ش بكه‌ن بۆ دیراسه‌كردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال و كیمیابارانكردنی كوردستان و لێكه‌وته‌كانیان له ‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان. داوا له‌ زانكۆكانی كوردستانيش ده‌كه‌م، یارمه‌تيی ئه‌و قوتابییه‌ كورد و بیانیانه‌ش بده‌ن كه‌ له‌ زانكۆكانی ده‌ره‌وه‌ كار له ‌سه‌ر ئه‌و تێزانه‌ ده‌كه‌ن و بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانی له‌وباره‌وه‌ دێن بۆ كوردستان".

له‌ وته‌كه‌يدا سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها تيشكى سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ حكوومه‌ت كار بۆ خۆشگوزه‌رانى و په‌يداكردنى هه‌لى كار بۆ قوتابيان ده‌كات و ڕۆڵى سه‌رمايه‌دارانى سلێمانيشى له‌ به‌شدارييان له‌ فراونكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان به‌زر نرخاند و گوتى:" سلێمانی هه‌ر له‌ كۆنه‌وه‌ خاوه‌ن سه‌رمایه‌داری زۆر نیشتیمانپه‌روه‌ر بووه‌، چاكه‌ و پڕۆژه‌كانیان له‌ پێناو خه‌ڵك و شاره‌كه‌یاندا، وای كردووه‌ ناویان بچێته‌ ناو مێژوو. ئێستاش زۆر دڵم خۆشه‌ كه‌ ده‌بینم هه‌ندێ له‌ سه‌رمایه‌دارانی سلێمانى كار له‌ بواری فراوانكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كانى شار ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ ‌لای ئێمه؛‌ جێگه‌ی ڕێز و ته‌قديره‌". هه‌روه‌ها داواشى له‌ كۆمپانيا ناوخۆيى و بيانييه‌كانى كرد كه‌ سوود له‌ تواناى ده‌رچووانى زانكۆى سلێمانى بكه‌ن.

نێچيرڤان بارزانى باسى له‌ جووله‌ و زيندوويى خه‌ڵكى سلێمانى كرد كه‌ بووه‌ته‌ گه‌ره‌نتييه‌ك بۆ پشتگوێنه‌خستنى شاره‌كه‌ و جارێكى تر پشتگيريى حكوومه‌تى نيشان دا بۆ كردنى شارى سلێمانى به‌ پايته‌ختى ڕۆشنبيرى و ڕايگه‌ياند:" ئێمه‌ پێشتر ڕامانگه‌یاندووه‌ كه‌ سلێمانی ده‌كه‌ینه‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیریی هه‌رێمی كوردستان، ئێستاش زۆر پشتگیری له‌ پڕۆژه‌ بڕیاری به‌ فه‌رمی دیاریكردنی سلێمانى به‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیری ده‌كه‌ین، كه‌ پڕۆژه‌يه‌كه‌‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌".

هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ گوتى: سه‌ره‌تاكانی زۆر ڕه‌وت و كایه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ كوردستانی عێراق، له‌ سلێمانی ده‌ستیان پێكردووه‌. كارنامه‌ی ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌یه‌ پشتگیريی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ به‌رده‌وام چالاكيی ئه‌ده‌بی و ڕۆشنبیریی له‌ سلێمانی هه‌بن، هه‌روه‌ها هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌موو ئه‌و ده‌زگا ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بیانه‌ی پێویستن، هه‌بن و به‌رده‌وام بن، بۆ ئه‌وه‌ی به ‌بێ كه‌موكوڕی؛ سلێمانى ببێت به‌ پایته‌ختی ڕۆشنبیریمان".

سه‌رۆكى حكوومةت‌ دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى زياتر به‌ پارێزگا و قه‌زا و ناحيه‌كان ده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ى به‌ به‌شێكى چاكسازى ئيدارى و سياسى له‌ قه‌ڵه‌م دا و ڕايگه‌ياند"لایه‌نگیری ئه‌وه‌ین ده‌سه‌ڵاتی زیاتر به‌ پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان هه‌مووی پێكه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك بتوانێ پێشبكه‌وێت، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی له‌ راپه‌ڕاندنی كاره‌كان له‌ ده‌زگاكانی حكوومه‌ت؛ كارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دابین بكه‌ین. ئه‌وه‌ش به‌ به‌شێك له‌ پرۆسه‌ی چاكسازيی ئیداری و سیاسی داده‌نرێت له‌ هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ ئێمه‌ له‌ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ جددى به‌رده‌وام ده‌بين له‌ سه‌رى". هه‌روه‌ها داواى كرد هه‌موو لايه‌ك له‌ كودستان سه‌قامگيرى و ئارامى بپارێزن.

له‌ وته‌كه‌يدا نێچيرڤان بارزانى هاته‌ سه‌ر ڕه‌وشى سياسيى ئێستاى عێراق و ڕوونى كرده‌وه‌ كه‌:"‌ ته‌نگژه‌یه‌كی سیاسی و ده‌وڵه‌تداری له‌ عێراقدا هه‌یه‌، كورد و سه‌ركردایه‌تيی كورد له‌و ته‌نگژه‌یه‌دا مایه‌ی دروستبوونی كێشه‌ و ته‌نگژه‌ نین، به‌ڵكو كێشه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراق و ڕێككه‌وتننامه‌كان دروست بووه‌، ئێمه‌ وه‌ك كورد به‌شێكین له‌ زه‌ره‌رمه‌ندانی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووری عێراق. هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ كورد و سه‌ركردایه‌تيی كورد بێته‌ ده‌نگ. چونكه‌ هه‌موو پرۆسه‌ی سیاسی و سیسته‌می فیدراڵى له‌ عێراق كه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای دیموكراسی و ته‌وافوق، دروست كراوه‌، به‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور؛ له‌ مه‌ترسیدایه‌".

هه‌روه‌ها داكۆكى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تى عيراق ئه‌و خاڵه‌ ده‌ستووريانه‌ى جێبه‌جێ نه‌كردوون كه‌ به‌ مافه‌كانى كورده‌وه‌ په‌يوه‌ستن و گوتى:" ئه‌و مادده‌ و خاڵه‌‌ ده‌ستووریانه‌ى كه‌ په‌يوه‌ستن به‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ كورده‌وه‌؛ بۆ كورد زۆر چاره‌نووسسازن‌. ماده‌ی 140 كه‌ چاره‌نووسی كه‌ركووك و به‌شێكی زۆر له‌ چاره‌نووسی خاكی كوردستانی پێوه‌ به‌نده‌؛ تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش پێشێلكردنێكی زۆر زه‌قی ده‌ستووره‌، هه‌ر به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌ زۆر له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان، خێزانه‌ كورده‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له ‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و كوشتندان".

سه‌رۆكى حكوومه‌ت زياترريش له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕايگه‌ياند" بودجه‌ی پێشمه‌رگه‌ نادرێت و هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی به‌رگریی عێراق؛ بێبه‌ش ده‌كرێت. هه‌روه‌ها له‌ بواری سوودوه‌رگرتن له‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان، به‌رده‌وام لێدوانی پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور ده‌درێت و تا ئێستا یاسای نه‌وت و غاز له‌ عێراق به‌و شێوه‌يه‌ك كه‌ ڕێككه‌وتنی پێشترمان له‌ سه‌ر كردووه‌ جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها یاسای دابه‌شكردنی داهاتى نه‌وتيش هه‌تا ئێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌"

نێچيرڤان بارزانى خه‌جتى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ كورد قه‌د ده‌ستبه‌ردارى مافه‌كانى نه‌بووه‌ و نابێت و ده‌بێ هه‌موو شته‌كان له‌ ڕێگه‌ى ده‌ستووره‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و گوتى:" ئه‌و مافانه‌ی ئێمه‌ داوای ده‌كه‌ین و ئه‌و ڕێگایه‌ی كورد گرتوویه‌تی بۆ داواكردنی مافی خۆى؛ هیچیان ناده‌ستووری و نایاسایی نین. زیاتر له‌و ماوه‌ ده‌ستوورییه‌ى كه‌ پێويست بوو ئێمه‌ ته‌حه‌مولمان كردووه‌. ئێستاش چاوه‌ڕێى ئه‌وه‌ين ئه‌و مافه‌ ده‌ستووريانه‌ى كه‌ هه‌مانه‌ له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا هه‌مووى جێبه‌جێ بكرێن. ئه‌و پابه‌ندبوونه‌ش ته‌نها به‌ قسه‌ ناكرێت، پێويسته‌ ڕێككه‌وتنيان له‌ سه‌ر بكرێت به‌ زووترين كات".

سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گرنگيى يه‌كێتيى گه‌لى كوردستان و لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى له‌ سه‌ر پرسى جێبه‌جێكردنى مادده‌ ده‌ستووريه‌كان دووپات كرده‌وه و تيشكى خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌:" یه‌كبوونی هه‌موو گه‌لی كوردستان و لایه‌نه‌ سياسييه‌كانی كوردستان له‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماددانه‌ی ده‌ستوور كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ دیموكراسی و فیدرالی و مافه‌كانی كورده‌وه‌ هه‌یه ‌له‌ عێراقدا، شتێكی زۆر زۆر پێویسته‌ و ناكرێ هیچ كه‌سێك خۆی لێ لابدات".


دوایین هەواڵەکان

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سەرۆكی پارلەمانی عێراق و شاندێكی یاوەری كرد

سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و نیگەرانیی خۆیشی لە قووڵتربوونی كێشەكان و شڵەژانی باری ئەمنی و سیاسیی عێراق بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و گوتی: من بەر لە ساڵێك باسی ئەو بارودۆخە خەراپەم كرد كە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت و پێشبینیی ئەوەیشم كرد كە ئاراستەی كێشەكان بەرەو كەشێكی پڕمەترسی و تاكڕۆیی و نكۆڵی دەڕوات.

په‌رله‌مان و حكوومه‌ت داكۆكى له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیى زیاتر ده‌كه‌نه‌وه‌

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى‌ زیاترى نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان خرایه‌ به‌ر باس و داكۆكى له‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و یاسایانه‌ى بۆ ژیانى خه‌ڵك ئه‌وله‌ویه‌تن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ڕاسته‌وخۆیان له‌سه‌ر ژیانى خه‌ڵك هه‌یه‌؛ بخرێنه‌ ڕیزبه‌ندیى پێشه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى‌ كارى په‌رله‌مان بۆ ئه‌وه‌ى زوو په‌سند بكرێن و تێبه‌ڕێنرێن

گه‌شتوگوزار و شوێنه‌وار له‌ وه‌زاره‌تى شاره‌وانى جیا ده‌كرێته‌وه‌

پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە كونسوڵی گشتی پۆلەندا لە هەرێم كرد

پارێزگاری سلێمانی پێشوازی لە بەرپرسی كاروباری ئابوری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەرێم كرد

عیماد ئەحمەد بەشداری كەمپینی ئازاكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكات

ووڵاتی ئوسترالیا بە گرنگیەوە دەڕوانێتە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان

بانکی نێودەوڵەتی بە هاوکاری وەزارەتی کارەبا پرێزنتەیشنێکیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا سازدا

عیماد ئەحمەد:حكومەتی هەرێم بەخششی هونەری حەسەن زیرەك لە بەرچاو دەگرێ

ده‌قى وته‌ى نێچیرڤان بارزانى لە مەڕاسیمی دانانى به‌ردى بناغه‌ى پڕۆژه‌ى ئاوى بارزان له‌ گوندى باڵندا